اسماعیل نجم الدين
پوخته
سنوری هه‌رێمه‌كان له‌وڵاتانی فیدراڵیدا سنورێكى سیاسی و ده‌ستوریین بۆیه به‌شێك له‌ده‌ستوری ...
زیاتر بخوێنەوە
سنوری هه‌رێمه‌كان له‌وڵاتانی فیدراڵیدا سنورێكى سیاسی و ده‌ستوریین بۆیه به‌شێك له‌ده‌ستوری وڵاتان به‌هه‌ستیاری و گرنگیه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و سنورانه كردوه تایبه‌ت به‌توانایی گۆڕانكاریكردن تێیدا و دوباره كێشانه‌وه‌ی هێڵه سنوریه ناوخۆییه‌كان. له‌و سۆنگه‌شه‌وه ئه‌و بابه‌ته جێگه‌یه‌كى گرنگی ده‌ستورى ئه‌و وڵاتانه‌ی گرتوه. ده‌ستوری كۆماری عێراق ساڵی 2005 پێش ئه‌ویش یاساى ئیداره‌ی وڵات بۆ قۆناغی گواستنه‌وه ساڵى 2004 بنه‌مای فیدراڵبونى ده‌وڵه‌تی عێراقیان سه‌لماند و به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ توانایى ئه‌نجامدانی ئه‌و گۆڕانكاریه سنوریانه كردوه. ئه‌وه‌ى بوبه بابه‌تی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه په‌یوه‌سته بهپنتێكى دیاریكراو ئه‌ویش ئاخۆ له‌نێو سنوره‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا وه‌ك تاكه هه‌رێمێكی پێكهاتو له‌عێراقدا ده‌توانرێت هه‌رێمی نوێ دروستبكرێت؟ ئه‌و پرسه‌ى توێژه‌ر به‌په‌یڕه‌وكردنی ڕێبازی شیكارى بۆ ده‌ق و ماددههكانی ده‌ستور و یاسا په‌یوه‌نداره‌كان هه‌وڵی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داوه و ڕا و بۆچونه جیاوازه‌كانى ئه‌و بابه‌ته جێ مشتومڕه‌ى شه‌نوكه‌و كردوه. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش توێژینه‌وه‌كه دابهشكرابو بۆ دو ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی: له‌یه‌كه‌میاندا باسه‌كه تهرخانكرابو بۆ دیاریكردنی پێگه‌ی ده‌ستوریی هه‌رێمی كوردستان. ولهدوهمیاندا شه‌نوكه‌وی ڕێگه و ڕێگریه‌كانی دروستبونی هه‌رێمی نوێ كراوه له‌چوارچێوه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا. ولهكۆتایشدا ده‌ره‌نجام وڕاسپاردهكانی توێژینه‌وه‌كه خراوه‌ته‌ڕو.