وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێداچونەوەى بە لیستى زانکۆ باوەڕپێکراوەکانى وڵاتانى (تورکیا  ئێران) کرد و لیستێکى نوێ بڵاودەکاتەوە.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕەچاوکردنى ستاندار و پێوەر جیهانییەکان و ڕیزبەندییە جیهانییەکانى زانکۆکان، پێداچونەوەى بە لیستى زانکۆکانى وڵاتانى (تورکیا و ئێران) لە لیستى زانکۆ باوەڕپێکراوەکانى هەرێمى کوردستان کرد و لەئەنجامدا (41) لە کۆمارى تورکیا و (29) لە کۆمارى ئیسلامى ئێران دەستنیشانکران بۆ ئەو خوێندکارانەى هەرێمى کوردستان، کە دەیانەوێت لەو دوو وڵاتە درێژە بە خوێندن بدەن.

ئامانج لە پێداچونەوە بە لیستى زانکۆ باوەڕپێکراوەکانى تورکیا و ئێران ڕەچاوکردنى کواڵێت و بنەما و پێوەرى زانستی و خوێندن و دەستەبەرکردنى پێوەرە جیهانییەکانە لەو زانکۆیانەى کە لەسەر ئاستى دونیا لە پێشەوەن، ئەوەش دەبێتە هۆى بەرزرکردنەوەى ئاستى زانستى خوێندکاران، کە بەمەبەستى درێژەدان بە خوێندن لەدەرەوەى وڵات سەردانى زانکۆکانى ئەم دو وڵاتە دەکەن و گەشە بە پسپۆڕییەکانیان دەدەن.

بۆیە لێرە بەدواوە بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٨-٢٠١٩) هەر خوێندکارێک لە کوردستان، کە بخوازێ لەو دو وڵاتە درێژە بەخوێندن بدات، دەبێ لەو زانکۆیە بخوێنێ، کە لەم لیستانەدا ناویان هاتوە، بەپێچەوانەوە کار بە لیستەکانى پێشتر ناکرێ.

 

سەرچاوە: وەزارەتى خوێندنى باڵا