عوسمان دەشتی؛ جەلال ئەنوەر سەعيد
پوخته
مێژوونووسيى ئەدەبيات بە شێوەيەكى گشتى پێويستى پۆلێنكردن و قۆناغبەندى گونجاو هەيە، كەوا ڕەنگدانەوەى ...
زیاتر بخوێنەوە
مێژوونووسيى ئەدەبيات بە شێوەيەكى گشتى پێويستى پۆلێنكردن و قۆناغبەندى گونجاو هەيە، كەوا ڕەنگدانەوەى سەردەم و قۆناغەكانى سەرهەڵدان و گۆڕان و پەرەسەندن و پێشكەوتنى ئەدەبياتى نەتەوەيى هەر گەل و نەتەوەيەك بێت. ميللەتانى دەوروبەر و دنيا هەر يەكە و ڕێبازێكى تايبەتى لە نووسينەوە و تۆماركردنى ئەدەبى نەتەوەيى خۆى گرتووەتەبەر كە ڕەنگدانەوەى سروشتى پەيدابوون و پەرەسەندنى ئەدەبياتى نەتەوەيى تايبەتى خۆيانە. بە نموونە مێژوونووسانى ئەدەبى عەرەبى مێژووى ئەدەبى عەرەبييان بە جۆرێك قۆناغبەندى كردووە كەوا ڕێك لەگەڵ قۆناغەكانى مێژووى سياسيى – كۆمەڵايەتيى دەوڵەتى عەرەبى ئيسلاميدا بگونجێت. هەرچى مێژوونووسانى ئەدەبى فارسييە ئەوا ڕێبازێكى تايبەت بە خۆيان گرتووەتەبەر كە ئەويش مێژوونووسيى ئەدەبياتى فارسيە بە گوێرەى دەورە و قوتابخانە شێوازييەكان (ادوار سبكى). لەم لاشەوە مێژوونووسانى ئەدەبياتى ئەوروپا، مێژووى ئەدەبياتى گەلانى ئەوروپايان بە پێى قوتابخانە و ڕێبازە ئەدەبييەكان تۆماركردووە. سەبارەت بە مێژوونووسيى ئەدەبى كوردى، لە سەد ساڵى ڕابردوودا كۆمەڵێك هەوڵى تاكەكەسيى لەم بوارەدا بەديدەكرێت كە (مێژووى ئەدەبى كوردى)ى (مامۆستا سجادى) شوێنێكى ديار و درەوشاوەى هەيە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵە گرينگ و تاكەكەسييانەشدا، تاوەكو ئێستا مێژوونووسانى ئەدەبيى ئێمە ئەو ڕێباز و پۆلينكارى و قۆناغبەندييە گونجاو و زانستى و ڕاست و دروستەيان پێڕەو نەكردووە، كەوا لەگەڵ سروشتى سەرهەڵدان و پێشكەوتن و پێگەيشتنى ئەدەبى نەتەوەييمان بێتەوە. ئەم باسە هەوڵێكە بۆ لێكۆڵينەوە و هەڵسەنگاندنى ئەو هەوڵانەى لەم بوارەدا دراون، هەروەها تيشك خستنەر سەر ميتۆدێكى گونجاو و ڕاست بۆ تۆماركردنى مێژووى ئەدەبى كورديمان.