جۆری توێژینه‌وه‌: Original Article

نوسه‌ر

به‌شى جوگرافیا، کۆلێجى په‌روه‌رده‌، زانکۆى گه‌رمیان

پوخته‌


مێژووى مرۆڤایه‌تی پڕه‌ له‌ جه‌ور و سته‌م و تاوانى دژ به‌ مرۆڤایه‌تى، ئامانج لێى قرکردن و له‌ناوبردنى میلله‌تێک یان گه‌لێکه‌ بۆ هه‌رمه‌به‌ستێک بێت. سه‌ده‌ى بیست به‌ سه‌ده‌ى جینۆساید داده‌نرێت که‌ زۆرترین تاوانى دژبه‌مرۆڤایه‌تى تێیدا روویداوه‌، نمونه‌ى هه‌وڵدانه‌ بۆ له‌ناوبردنى گه‌لى کورد، ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ هه‌ر تاکێکى کورد چیرۆکێکى تایبه‌تی خۆى هه‌بێت و له‌ هزریدا ئه‌و تاوانانه‌ى تێدا تۆمارکرابێت. ئامانج له‌م توێژینه‌وه‌ خستنه‌روو به‌دۆکیومێنتکردنى به‌شێکى ئه‌و تاوانانه‌یه‌ که‌ رژێمى به‌عس ئه‌نجامیداوه‌ دژ به‌ گه‌لى کورد و نووسه‌ر به‌چاوى خۆى به‌شێکى ئه‌و تاوانانه‌ى بینیوه‌.
ناوى ته‌واوم (سه‌رکه‌وت غازی سالار) و له‌دایکبووى ساڵى 1978م له‌ دێى کارێز سه‌ربه‌ ناحیه‌ى جه‌باره له‌ قه‌زاى کفری. هه‌تا ته‌مه‌نى 8 ساڵیم له‌ دێى کارێز له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌م به‌سه‌ربردووه‌. دواى ئاشکرابوونى ناوى باوکم له‌ رێکخستنه‌ نهێنییه‌کانى شۆرشدا له‌ لایه‌ن رژێمى به‌عسه‌وه‌، له‌ ساڵى 1986 خێزانه‌که‌مان په‌رته‌وازه‌بوو و له‌ ساڵى 1987 به‌شێکى زۆرمان بۆ ناوچه‌کانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى شۆڕش ده‌رچوو و له‌ دێى بنه‌که جێگیربووین.
له‌ ‌ساڵى 1988 رژێمى به‌عس قۆناغه‌کانى شاڵاوى ئه‌نفال ده‌ستپیکرد،که‌‌ هه‌شت قۆناغ ‌بوو، هه‌ر قۆناغێک تایبه‌ت بوو به‌ ناوچه‌یه‌کى کوردستان، نووسه‌ر له‌گه‌ڵ دایکى و هه‌ژارى براى له‌ گه‌رمیان به‌ر قۆناغى سێى ئه‌نفال که‌وتن و له‌ دێى مله‌سوره‌ له‌لایه‌ن جاش و سه‌ربازه‌کانى رژێمى به‌عسه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌رکران. ره‌شبینى باڵیکێشابوو به‌سه‌ر خه‌ڵکیدا و که‌س نه‌یده‌زانى چاره‌نووسی چی ده‌بێت! و ته‌نها گوێت له‌ ده‌نگى تراکتۆر و هاوارى خه‌ڵکى ده‌بوو، که‌ به‌ ده‌نگى فرۆکه‌ و ئۆتۆمبیلى سه‌ربازى تێکه‌ڵبوو بوو. دواتر هه‌موو خه‌ڵکه‌که‌ بۆ سه‌ربازگه‌ و به‌ندیخانه‌کانى ناوچه‌که‌ گواسترایه‌وه‌، نووسه‌ر و دایک و براکه‌ى ‌ له‌گه‌ڵ به‌شێکى زۆری ئه‌و خه‌ڵکه‌ گواسترانه‌وه‌ بۆ به‌ندیخانه‌ى قۆره‌توو و هه‌ر له‌وێ دایکى نووسه‌ر بڕیاریدا ناوى سیانیان بگۆڕێت له‌ ترسى ئه‌وه‌ى باوک و براکانى نووسه‌ر پێشمه‌رگه‌بوون.
دواى ماوه‌یه‌ک مانه‌وه‌ له‌ به‌ندیخانه‌ى قۆره‌توو، رژێمى به‌عس به‌ ئۆتۆمبیلى سه‌ربازى هه‌موو خه‌ڵکى ناو به‌ندیخانه‌ى قۆره‌توو گواسته‌وه بۆ به‌ندیخانه‌کانى تۆپزاوه‌ له‌ پارێزگاى که‌رکووک، ‌که‌ له‌ ناو سه‌ربازگه‌یه‌کى گه‌وره‌ بوو و له‌وێ هه‌موو خه‌ڵکى له‌ که‌سوکارى یه‌کتری دابڕان، کوڕه‌ گه‌نجه‌کان رووتکرانه‌وه‌ و جیاکرانه‌وه‌ و پیره‌مێرده‌کانیش به‌جیا زیندانیکران و ژن و منداڵیش به‌جیا زیندانیکران.
له‌وێ، دواى چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک خه‌ڵکى به‌پێی ته‌مه‌ن و ره‌گه‌ز جیاکرایه‌وه‌، به‌ته‌مه‌نه‌کان به‌ پیره‌مێرد و پیره‌ژنه‌وه‌ جیاکرایه‌وه‌ و ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ دایکمدا به‌ر ئه‌و گروپه‌که‌وتین گواستراینه‌وه‌ بۆ نوگره‌سه‌لمان که‌ زۆرترین ماوه‌مان تێدا به‌سه‌ربرد