شنۆ محمد محموود؛ ژینۆ عبدالرحمن محمد
پوخته
زانستی ئەدەب وەک زانستە مرۆییەکانی تر، لەگەڵ سەرهەڵدان و چەکەرەکردنیدا، مرۆڤ ئەرکگەلێکی پێ سپاردووە. ...
زیاتر بخوێنەوە
زانستی ئەدەب وەک زانستە مرۆییەکانی تر، لەگەڵ سەرهەڵدان و چەکەرەکردنیدا، مرۆڤ ئەرکگەلێکی پێ سپاردووە. ئەم ئەرک پێسپاردنەش بە هۆی بوونی چەند تایبەتمەندییەکە لە ئەدەبدا، وەک ڕادەی کاریگەری و هەڵگرتنی هەست و نەست و بیر و ئایدیاکانی مرۆڤ و گواستنەوەی بۆ ئەوانی تر لە ڕێگەی میتازمانەوە، کە زمانێکی باڵا و هونەری و ئیستاتیکی و مۆسیقییە.
شیعریش وەک دیارترین ژانری ئەدەب، پشکی گەورەی لەم ئەرکەدا بەرکەوتووە و بە پێی سەردەم و کولتوورەکانی هەر میللەتێک شیعر بارگاوی کراوە بە دوو ئەرکی سەرەکی، کە ئەرکی گەیاندنی سوود و بەخشینی چێژ و جوانی بووە. نەتەوەی کوردیش لە ئەدەبەکەیدا و بەتایبەتی لە ئەدەبی دێرین و دەوڵەمەندیدا، کە ئەدەبی کلاسیکییە، لە چوارچێوەی ئەو دوو ئەرکە سەرەکییەدا بووە.
لەم لێکۆڵینەوەیەدا، یەک لەو دوو ئەرکە سەرەکییە، کە ئەرکی ئیستاتیکیی شیعرە، لە ئەدەبی کلاسیکی کرمانجی خواروودا، بەرباس دەدەین.
لێکۆڵینەوەکە، بەپێی میتۆدی (وەسفیی شیکاری) کاری کردووە و دابەشکراوە بەسەر دەروازەیەک دوو بەشدا:
لە دەروازەکەدا پرسی ئەرکی شیعر باسکراوە. لە بەشی یەکەمدا، زاراوە و چەمکی کلاسیک بە گشتی و چەمکی ئەدەبی کلاسیکی کوردی و سەرهەڵدانی قۆناغەکە خراوەتە ڕوو. لەبەشی دووەمیشدا، کە بەشە پراکتیکەکەی لێکۆڵینەوەکەیە، باس لە ئەرکی ئیستاتیکیی شیعر کراوە، بە دەستنیشانکردنی ئەو بنەمایانەی ئەم ئەرکە بە شیعر دەبەخشن، کە خۆی لە زمان و وێنەی هونەری و مۆسیقای شیعردا، دەبینێتەوە. ئەمەش بە نموونەی شیعری شاعیرانی قۆناغی یەکەمی کلاسیک و سەردەمی میرنیشنی بابان (نالی و سالم و کوردی)، شیکراوەتەوە.