جەلال ئەنوەر سەعيد؛ عمر رسول حسن
پوخته
هەروەكو چۆن هەر يەكێك لە هونەرە جوانەكان كەرەستەى تايبەتيى خۆى هەيە؛ بۆ نموونە كەرەستەى وێنەكێشان ...
زیاتر بخوێنەوە
هەروەكو چۆن هەر يەكێك لە هونەرە جوانەكان كەرەستەى تايبەتيى خۆى هەيە؛ بۆ نموونە كەرەستەى وێنەكێشان رەنگە و هى سەما جووڵەيە و هى پەيكەرتاشيى بەردە و هى مۆسيقا دەنگە. كەرەستەى ئەدەبيش زمانە. كەواتە دەتوانين بڵێن كە ئەدەب بەكارهێنانێكى هونەرييانەى زمانە. بۆ ئەوەى شاعيريش بتوانێت زمان بە شێوەيەكى هونەريى بەكاربهێنێت و داهێنان بكات، پێويستە شارەزاييەكى باشى لە هونەرەكانى رەوانبێژيدا هەبێت. هەڵبەت رەوانبێژى و زمان پاراويى بۆ هەموو مرۆڤێك گرنگە، چونكە ئەگەر لەپاڵ هەموو زانيارى و رۆشنبيرييەك كە هەيەتى، ئەگەر نەتوانێت بە زمانێكى پاراو بدوێت و بنووسێت ئەوا بە دڵنياييەوە ناتوانێت پەيامى خۆى بە بەرانبەر بگەيەنێت. جا ئەگەر ئەمە بۆ كەسێكى ئاسايى وابێت دەبێ بۆ شاعيرێك چەند گرنگ بێت؟يەكێك لەو هونەرانەى رەوانبێژى كە زۆر جێگاى بايەخى شاعيرانە و لە رێگەيەوە داهێنان و ئاستى بەرزى هونەريى خۆيان پيشاندەدەن، هونەرى جوانکارييە. كەواتە جوانكارى بەشێکى گرنگە لە ڕەوانبێژیدا، لەلایەن شارەزایان و شاعیرانەوەە بایەخێکى زۆرى پێدراوە، یەکێکە لەو هونەرانەى پانتاییەکى فراوانى لە دیوانى شاعیراندا داگیرکردووە و بە بەراورد بە هونەرەكانى ديكەى رەوانبێژى بەهایەکى تایبەتى دراوەتێ، چونکە بە هۆيەوە شاعيران، جوانکارییە ئەدەبیيەکان لەنێو ئەم هونەرەدا دەبیننەوە، هەروەها لایەنێکى بەسوودیشە لە دروستكردنى مۆسیقاى دەرەوە و ناوەوە، لە شیعرى شاعیراندا. هونەرى جوانکاریش لە دوو بەشى سەرەكى پێكدێت؛ ئەوانیش (جوانکارى وشەیى و جوانكارى واتایى)ن، ئەمانەش ڕاستەوخۆ پەیوەندیيان بە دید و بۆچوونى شاعیرانەوە هەیە، کە وایان لێدەکات، بە دواى ئەو وشە و ڕستانەدا بگەڕێن بۆ ئەوەى بتوانن وێنەیەکى جوانى هونەرى بهێننە ناو دنیاى شیعرەوە، لە لایەکى ترەوە رۆڵى بەرچاويان هەيە لە دروستكردنى ئاوازى دەرەوە و ناوەوەى وشەکان و هاتنى چەند جارەى وشە لە پاتکردنەوە و گێڕانەوەیدا، ئەمانە هەمووى وا دەکەن هونەرەكانى جوانکارى بێنە ئاراوە، بۆیە دەبینین تا دێت پێگەى ئەم هونەرە لەنێو دیوانى شاعیراندا بە شێوەیەکى بەرچاو زیاد دەكات