دلشاد مستەفا
پوخته
دۆزینه‌وه‌ی له‌مپه‌ری نێوان واقیع و خه‌یاڵ له دنیا پڕ له ئەفسونهكهی ئه‌ده‌بدا ئاسان نییه ...
زیاتر بخوێنەوە
دۆزینه‌وه‌ی له‌مپه‌ری نێوان واقیع و خه‌یاڵ له دنیا پڕ له ئەفسونهكهی ئه‌ده‌بدا ئاسان نییه ، چونكه ئه‌ده‌ب خۆی بونیاتنراوێكی خه‌یاڵه و واقیع وه‌ك جۆرێك لهباكگراوند له‌پشت به‌رهه‌مهێنانی ئه‌ده‌به‌وه كار ده‌كات . لە سەرەتای پۆلێن‌کردنی رێبازە ئەدەبییەکانیشەوە و بەپێی ئەو گۆڕانکاریانەی بەسەر دۆخی بەرهەمی ئەدەبیدا دێت لەگەڵ گۆڕانی سەردەمەکاندا ، فۆرمی جیاواز و ستایڵی کارکردنی جیاواز دێنە کایەوە . ئه‌م دۆخه كه ده‌گوێزرێته‌وه بۆ نێو دنیای هونه‌ریش به‌هه‌مان میكانیزم کاردەکات و وردەکاری هونەریش وەک کردەیەکی مرۆیی و ژیاری دەخاتە سەر . له دۆخی سینه‌مادا کەمێك چڕتر كار ده‌كات و دەچێتە نێو هەندێک بواری ئەفراندنی جیاوازەوە ئیدی هاوکاتی ئەدەب بێت یان وەک فۆرمێکی تایبەت خۆی بنەما و رێساکانی خۆی دابڕێژێت . لە سەرەتای سه‌رهه‌ڵدانییه‌وه، ریالیزمی ئه‌فسونی ستایڵ و فۆرمێكی مشت‌ومڕ ئامێز بووه‌و ناساندن و ناسینه‌وه‌ی وه‌ك فۆرمێكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری جێی بایه‌خ و سه‌رنجی نێوه‌نده ئه‌كادیمییه‌كانی بۆ خۆی کەمەند کێش کردووە. بۆیه كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و تێرمه هێند سانا نییه به‌تایبه‌تی كه ده‌چێته نێو دنیای سینهماوهو تێكه‌ڵاوی سینه‌مای گه‌لان ده‌بێت . ئه‌مریكای لاتین و خۆرهه‌ڵات وه‌ك دوو نیشتمانی سه‌ره‌كی چیرۆكی میللی و بڕوابوون به غه‌یبانییه‌ت و تێكه‌ڵاو بوون له‌گه‌ڵ هه‌ندێك بڕوای جیاواز له‌وه‌ی له كۆمه‌ڵی خۆرئاوادا هه‌یه و مانه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌نه‌ریت و ئاینه دێرینه‌كان، بۆته هەنجەتی ئەوەی وەک سەرزەمینی گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌و فۆرمه له‌ئه‌ده‌ب و هونه‌ر وێنا بکرێت . نیشتمانی کوردیش وەک بەشێک لەو خۆرهەڵاتە ئەفسونییە پێگەی خۆی لەو کایەیەدا دەدۆزێتەوە .بۆیه‌ئه‌م توێژینه‌وه‌یه له پێناو راڤه‌كردنی دۆخی جیاوازی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌ده‌بی ئه‌فسونی و سینه‌مادا. ئەم هەوڵە گه‌ڕانێكی قوڵ ده‌كات بە مەبەستی به‌رهه‌مهێنانی ڕوانینێكی نوێ لەلایەک دەربارەی ئەو پەیوەندییە جەوهەرییە و لەلایەکی دیشەوە ڕاڤەی دنیای کوردی دەکات و پەیوەندی و ئەگەرەکانی شیدەکاتەوە . هاوکات ئەم توێژینەوەیە هەوڵێکە بۆ هێنانە گۆی ئەو پانتاییە نادیارەی نێوان ئەفسونی ئەدەب و فەنتازیای سینەما لەڕێی شیکردنەوەی ئەوەی لە ئەدەبەوە دەکرێت بگۆرێتە سینەما و توانستی بەشداریکردنی ئەدەب لە بونیاتنانی خەیاڵێکی سینەمایی جیاواز لە واقیعێکی روت . پاشان بە سود وەرگرتن لەو سروتانەی دەچنە نێو پۆلێنی ئاین و کەلتووری کۆمەڵایەتییەوە ئاخۆ دەتوانرێت چ جۆرە گوزارشتێکی جیاواز و سەنجبەر بەرهەم بهێنرێت تا لە سەر هەردوو بونیادەکە کار بکات ، ئەدەب وەک بەرهەمهاتوی زمانێکی نوسراو و سینەما وەک پانتاییەکی وێناکراو و هێمایەکی بینراو