کاروان جومعه ڕهحیم؛ هەژار حوسێن والى
پوخته
ئاشکرایه، که ئهرکی سهرهکیی زمان جێبەجێکردنى کردەى پەیوەندیکردن_لەیەکگەیشتن ...
زیاتر بخوێنەوە
ئاشکرایه، که ئهرکی سهرهکیی زمان جێبەجێکردنى کردەى پەیوەندیکردن_لەیەکگەیشتن و گەیاندنى بیرى قسەکەرە بە بەرانبەرەکەى. لە چوارچێوەى ئەم ئەرکە گشتییەدا، زمان چەندین ئەرکى دیکە بەجێدەهێنێت. یەکێک لەو ئەرکە گرنگانە دەستنیشانکردى ناسنامهی کۆمەڵایەتیى تاکە لە کۆمەڵگادا. لەم ڕووەوە بۆ قسەکەرى جووتزمان بابەتەکە فرەڕەهەندەو لێکدانەوەى زیاتر هەڵدەگرێت. هەربۆیە ئەم لێکۆڵینەوەیە، کە بە ناونیشانى (جووتزمانى و ناسنامەى کۆمەڵایەتی)یە، هەوڵدەدات شێلگیرانە قسە لەسەر بابەتى جووتزمانى و دیاریکردنى ناسنامەى کۆمەڵایەتى لەلاى ئاخێوەرى جووتزمان بکات.
توێژینەوەکە بەشێوەیەکى گشتى بەسەر دوو بەشدا دابەشکراوە. بەشى یەکەم، کە بە ناونیشانى (دیاردە زمانییەکان پەیوەست بە ڕەهەندەکانى کۆزمانەوانییەوە)یە، تیایدا لە ڕوانگەى زانستى زمانى کۆمەڵایەتییەوە باسى هەریەک لە زاراوەکانى (قسەکەرى تاکزمان Monolingual، قسەکەرى جووتزمان Bilingual، قسەکەرى فرەزمان Multilingual) کراوە، هاوکات هەر لەم بەشەدا پەیوەست بە جووتزمانییەوە، دوودیوى زمانى و کۆدگۆڕینەوەو کۆدتێکەڵکردن خراونەتەڕوو. بەشى دووەم، کە ناونیشانى (جووتزمانى و دیاریکردنى ناسنامەى کۆمەڵایەتى) لێنراوە، تیایدا سەرەتا بە کورتى چەمکى ناسنامە ڕوونکراوەتەوەو پهیوهندیی به زمانهوه خراوهتهڕوو، پاشان باس لە ناسنامەى کۆمەڵایەتى لەلاى قسەکەرى تاکزمان کراوە. دواتر لێکدانەوەکان تایبەت کراون بە چۆنیەتى دەستنیشانکردنى ناسنامەى کۆمەڵایەتى لەلاى قسەکەرى جووتزمان و ئەو ڕەهەندە جیاوازانەى، کە بابەتەکە لەخۆیدەگرێت.
ماوەتەوە بڵێین ئەم توێژینەوەیە لە چوارچێوەى زارى کرمانجیى ناوەڕاستدا ئەنجامدراوەو تیایدا ڕێبازى پەسنى_شیکارى پەیڕەوکراوە.