Hazhar Khudadad Hassan
پوخته
ئەم توێژینەوەیە چەندین ئامانجی هەیە، لەگرنگترینیان: زانینی تێڕوانینی مامۆستایانی قۆناغی بنەڕەتی سەبارەت ...
زیاتر بخوێنەوە
ئەم توێژینەوەیە چەندین ئامانجی هەیە، لەگرنگترینیان: زانینی تێڕوانینی مامۆستایانی قۆناغی بنەڕەتی سەبارەت بە خوێندنی بابەتەکانی (زانست و بیرکاری) بە زمانی ئینگلیزی. هەروەها زانینی ڕادەی کاریگەریەکانی بەئینگلیزیکردنی بابەتە فێرکارییەکان لەقۆناغی بنەڕەتی لەسەر لاوازکردنی زمانی دایکی قوتابیان. هەروەها زانینی ئاستەنگەکانی بەردەم وتنەوەی ئەو بابەتانە بەزمانی ئینگلیزی لەڕووی کێشەی کرداری گەیاندن و هەڵەتێگەیشتن لە نێوان مامۆستایان و قوتابیان، لەپاڵ هەموو ئەوانەشدا؛ زانینی ئاستی گرنگی خوێندنی ئەو دوو وانەیە بەزمانی ئینگلیزی. لەم توێژینەوەیەدا ڕێبازی (وەسفی- روپێوی ) بەکارهێنراوە، سامپڵی توێژینەوەکە (سامپڵی هەرەمەکی مەبەستدار)ە کە پێکهاتووە لە (116) مامۆستا لەڕەگەزی (نێر) و (مێ) لە سنوری پەروەردەی گەرمیان. توێژینەوەکە گەیشتوە بەچەند ئەنجامێکی زانستی، لەوانە: سەرباری ئەوەی زۆرینەی مامۆستایان فێربوونی زمانی ئینگلیزیان بەگرنگ دەزانن، بەڵام تێڕوانینێکی نەرێنیان سەبارەت بە ئینگلیزیکردنی بابەتەکانی زانست و بیرکاری هەیە، چونکە باوەڕیان وایە خوێندنی بابەتە فێرکارییەکان بەزمانی ئینگلیزی کاریگەری نەرێنی لەسەرزمانی دایک و هەستی نەتەوایەتی قوتابیان هەیە، هەروەها دەبێتەهۆی دواخستنی گەشەی زمانی دایک لای قوتابیانی سەرەتایی. هەر بەوهۆیەوە کێشەیکرداری گەیاندن لە نێوان مامۆستایان و قوتابیان دروستدەبێت و دەبێتە هۆی هەڵەتێگەیشتنی قوتابیان لە (چەمک و زاراوە، ناوەڕۆکی بابەتەکان و پرسیاری تاقیکردنەوەکان)، هۆکارەکەشی بۆ لاوازی توانای ئاستی زمانی ئینگلیزی قوتابیان و گرانی ناوەڕۆک و زمانی دەقەکانی نێو پەرتووکی بابەتە فێرکارییەکان دەگەڕێتەوە. تێڕوانینی مامۆستایان بە پێی گۆڕاوەکانی (تەمەن، بڕوانامە، جۆری دامەزراندن، ساڵانی خزمەت) جیاوازیئاماری گرنگ هەبوو، ئەو مامۆستایانەی کە تەمەن و ساڵانی خزمەتیان زیاترە و لەڕووی جۆری دامەزراندنەوە هەمیشەیین و هەڵگری بڕوانامەی (دبلۆم)ـن، لەگەڵ خوێندنی ئەو بابەتانەن بەزمانی کوردی، بەپێچەوانەی ئەوەشەوە؛ ئەو مامۆستایانەی کە (وانەبێژن) و تەمەن و ساڵانی خزمەتیان کەمترە و هەڵگری بڕوانامەی (بەکالۆریۆس)ـن، لەگەڵ خوێندنی بابەتە فێرکاریەکانن بەزمانی ئینگلیزی