مەریوان عومەر حەسەن؛ ھەژار فقی سلێمان حسین
پوخته
وێنەی هێمایی، جۆرێکی دیار و بەرچاو و پڕشیعرییەتی وێنەی شیعرییە، ڕۆڵی کارای هەیە لە بنیاتنانانی وێنەدا، ...
زیاتر بخوێنەوە
وێنەی هێمایی، جۆرێکی دیار و بەرچاو و پڕشیعرییەتی وێنەی شیعرییە، ڕۆڵی کارای هەیە لە بنیاتنانانی وێنەدا، ئەم جۆرەی وێنە پێویستی بە خودان پاشخانێکی زمانی و ڕۆشنبیریی گەورە هەیە بۆ چێکردنی. بەرجەستەکردنی هێماکان لە شیعردا کورتی و پوختی و چڕییەک بە وێنە شیعرییەکە دەبەخشن، کە ئەمەش تایبەتمەندییەکی لە مێژینەی شیعرە.
شێرکۆ بیکەس لە دەقەواڵاکانیدا، کە دیارترین و پڕخوێنەرترینی بەرهەمە شیعرییەکانی پێکدەهێنن، وێنەشیعرییەکانی بە وێنەی هێمایی بنیاتناوە، بەو هۆیەی کە شێرکۆ هەستیار بووە بەرامبەر بە زمان و هاوکات خاوەنپاشخانێکی گەورەی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی و نەتەوەیی بووە، بەرجەستەکەری ئازار و مەینەتیی و پرۆسەکانی جینۆسیایدی گەلەکەی بووە لە شیعرەکانیدا، زۆرینەی ئەم بەرباسدانانەی لەڕێگەی وێنەی هێماییەوە بووە، هەر لەم ڕێگەیەوە ئەدەبییەت و شیعرییەتێکی لە شووشەبەندی دەقەواڵاکانیدا هەڵگرتووە و مۆمیای کردوون.
لێکۆڵینەوەکە، بەپێی میتۆدی وەسفیی شیکاری کاری کردووە و دابەشکراوە بەسەر دوو بەشدا، لە بەشی یەکەمدا، کە بەشێکی تیۆرییە، چەمک و زاراوەکانی وێنەی شیعری و هێما و وێنەی هێمایی باسکراوە، بۆ ئەوەی خوێنەر ئاگاییەکی هەبێت سەبارەت بە هەردوو چەمکی وێنە و هێما و پەیوەندی ڕاستەوخۆی نیوانیانیش بزانێت.
لەبەشی دووەمیشدا، کە بەشە پراکتیکەکەی لێکۆڵینەوەکەیە، نموونەی وێنەی هێمایی لە دەقەواڵاکانی شێرکۆ بێکەسدا شیکراوەتەوە و بەرباس دراوە.