عبدالصمد احمد محمد؛ بلال محمود عبدالقادر
پوخته
وێنەی خود بەشێكی گرنگە لە كەسایەتی مرۆڤ و بنەمایەكە بۆ ئاڕاستەكردنی ڕەفتاری تاك ئیتر ئەو ڕەفتارە ئاسایی ...
زیاتر بخوێنەوە
وێنەی خود بەشێكی گرنگە لە كەسایەتی مرۆڤ و بنەمایەكە بۆ ئاڕاستەكردنی ڕەفتاری تاك ئیتر ئەو ڕەفتارە ئاسایی بێت یان شاز، ئەمەش پەیوەستە بەو ئەزموون و شارەزایی و ناكۆكییانەی كە تاك پێیدا تێپەڕبووە، چونكە ئەمانە وێنەی خود دیاری دەكەن بە وێنەیەكی ئەرێنی و پەسەند بەتایبەت لای ئەو تاكانەی كە باوەڕیان بە توانا و تێگەیشتنی خۆیان هەیە، یان بەشێوەیەكی نەرێنی لەلای ئەو تاكانەی كە كردەوەكانیان ناپەسەندە و گومانیان لە تواناكانیان هەیە.
لەم چوارچێوەیەشدا ڕازیبوونی خوێندکار لەپسپۆڕی خوێندنەکەی، فاکتەرێکی کاریگەرە بۆ سەرکەوتنی لەپسپۆڕی و پیشەی داهاتووی، بەئامانجی سەرکەوتن و بەدیهێنانی ئامانج و خولیا و ئاواتەکانی لەژیانی پیشەییدا.
ئامانجی توێژینەوەکە، بریتیە لە زانینی ئاستی وێنەی خود و ڕازیبوون لەپسپۆڕی خوێندن لای خوێندکارانی بەشی باخچەی منداڵان لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها دۆزینەوەی پەیوەندی لەنێوان ئەو دوو گۆڕاوەدا بەگوێرەی گۆڕاوی: قۆناغی خوێندن و زانکۆ جیاوازەکان.
سنوری توێژینەوەکە، بریتیە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢١_٢٠٢٢)، نموونەی توێژینەوەکە بریتیە لە خوێندکارانی بەشی باخچەی منداڵان لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، قۆناغی (یەکەم، سێیەم) کە ژمارەیان بریتیە لە (610) خوێندکار.
توێژەر بۆبەدیهێنانی ئامانجەکانی ئەم توێژینەوەیە پشتی بە پێوەری (حمد، ٢٠٠٤) بەستووە بۆ وێنەی خود کە پێکهاتبوو لە (٦١) کە دواتر پاش پێداچوونەوە بەگوێرەی ڕادەی گونجاوی بڕگەکانی پێوەرەکە لەگەڵ نموونەی توێژینەوەکە، لەسەر پێشنیازی پسپۆڕان پێوەرەکە بوو بە (٤٦) بڕگە، پاشان توێژەر بەسوود وەرگرتن لەسەرچاوە زانستیەکان و توێژینەوەکانی پێشوو، پێوەری ڕازیبوون لەپسپۆڕی خوێندنی ئامادەکرد، بەگوێرەی هەنگاوەکانی ئامادەکردنی پێوەری زانستی، پاشان دەرهێنانی ڕاستگۆیی و جێگیری بۆ هەریەکێک لە پێوەرەکان.
دەتوانرێت گرنگی ئەم توێژینەوە لە چەند خاڵێکدا بخرێتەڕوو: بۆ مامۆستايان و خوێندكارانى بەشی باخچەی منداڵان گرنگە، چونكە دەبێتە ڕێنيشاندەرێكى زانستى گرنگ سەبارەت بە وێنەی خود و پەيوەندی بە ڕازیبوون لەپسپۆڕی خوێندن لاى خوێندکارانی بەشی باخچەی منداڵان، هەروەها بەشێوەيەكى زانستى بەرپرسانی زانکۆ و مامۆستایانی بەشی باخچەی منداڵان زیاتر ئاشنا دەكات سەبارەت بە تێڕوانینی خوێندکاران بۆ خودی خۆیان و زانینی ئاستی ڕازیبوونیان لەپسپۆڕی خوێندنیان، لەکۆتایدا سەرچاوەیەكی گرنگ دەبێت بۆ توێژەران و خوێندكارانی خوێندنی باڵا، كە دەیانەوێت لەم بوارەدا توێژینەوەی زانستی دیكە ئەنجامبدەن.
توێژینەوەکە بەگشتی گەیشتووە بەو ئەنجامانەی کە بەشێوەیەکی گشتی وێنەی خود و ڕازیبوون لەپسپۆڕی خوێندن، لەئاستێکی بەرزدایە، پاشان پەیوەندییەکی ڕاستەوانەی بەهێز لەنێوان هەر دوو گۆڕاوەکەدا هەیە، ئەمەش بەو بەڵگەیەی کە بەڵگەداری ئامارییان هەیە، هەروەها گۆڕاوە دیمۆگرافییەکانی وەک قۆناغی خوێندن (یەکەم و سێیەم)، کاریگەری نییە لە دروستکردنی جیاوازی لەسەر گۆڕاوەکان، بەڵام گۆڕاوە دیمۆگرافییەکانی وەک(زانکۆ جیاوازەکان) کاریگەری هەیە لە دروستکردنی جیاوازی لەسەر گۆڕاوەکانی وێنەی خود و ڕازیبوون لەپسپۆڕی خوێندن، بەگوێرەیی بەڵگەداری ئاماریی.