شیلان عومەر حسێن؛ شۆخان محمد حمە کریم
پوخته
ئەم لێکۆڵینەوەیە (پەیوەندیکردنی نازارەکیی لە زمانی کوردیدا)، وەک جۆرێکی سەرەکی و کاراو تەواوکاری ...
زیاتر بخوێنەوە
ئەم لێکۆڵینەوەیە (پەیوەندیکردنی نازارەکیی لە زمانی کوردیدا)، وەک جۆرێکی سەرەکی و کاراو تەواوکاری جۆرەکەی تری کردەی پەیوەندیکردن (Communication)،کە ئەویش پەیوەندیکردنی زارەکییە(Verbal communication)ناودێرکراوە، مەبەستی سەرەکی لێکۆڵینەوەکە دیاریکردن و دەستنیشانکردن و پەسنکردنی جۆرە سەرەکییەکانی ئاماژەو ڕەفتارە نازارەکییەکانە، لەگەڵ پەسنکردن و خستنەڕووی ئەو واتاو مەبەستانەی بۆ پەیوەندییە زارەکییەکان زیادیدەکەن و شیکردنەوەی زەنگینی بەکاربردنیان لە کردەی پەیوەندیکردنداو چۆنییەتی جیاوازی لێکدانەوەیان بە پێی کلتورو بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری تاک و کۆمەڵ، سەرەڕای گرنگی و بەهاداری ئاماژەو ڕەفتارە نازارەکییەکان لە کردەکانی پەیوەندیکردندا، کەمی سەرچاوەی ئەکادیمیی تایبەت بە بابەتەکە لە زمانی کوردیداو هەبوونی ئاڵۆزی لە بەکارهێنانی ئاماژە نازارەکییەکان و چۆنێتی گۆڕانی واتاکانیان و دروستکردنی واتایەکی ناسروشتی بۆ دەربڕینە زارەکییەکان، کە زۆرجار هۆیەکن بۆ هەڵە تێگەشتن و گۆڕینی ئاڕاستەی پەیوەندییەکان بە بارێکی پێچەوانەدا لە هۆکارەکانی هەڵبژاردنی بابەتی لێکۆڵینەوەکەن. ئەم لێکۆڵینەوەیە بە پشتبەستن بە ڕێبازو مۆدێلەکانی کردەی پەیوەندیکردن، هەوڵدەدات لێکدانەوە بۆ واتای ئاماژەکان و خستنەڕوی جیاوازییەکان و بەکارهێنانەکان لە نێوان ئاماژە نازارەکییەکان وهاوبەشیکردنەکان لە دەربڕینە زارەکییەکاندا لە زمانی کوردیدا پەسنبکات. لەم لێکۆڵینەوەیەدا کەرەستەی دیالێکتی ناوەڕاست-شێوەزاری سلێمانی بەکارهێنراوە، لەم لێکۆڵینەوەیەدا ڕێبازی پەسنی شیکاری بەکاربراوە، بەگشتی بۆ نووسینی لێکۆڵینەوەکە سود لە ئاماژەی نازارەکی پەیکاڵ بە ئاخاوتنی ڕۆژانەی ئاسایی خەڵک لە قسەپێکەرانی زاری ناوەڕاست (شیوەزاری سلێمانی) وەرگیراوە، ئەم لێکۆڵینەوەیە لە پێشەکی و دوو بەش و ئەنجام و لیستی پەراوێزو سەرچاوەکان پێکهاتووە، بەشی یەکەم بەناوی (پەیوەندیکردنی نایزارەکی)، کە لە چوار پار پێکدێت، پاری یەکەم (چەمک و بنەما)، پاری دووەم (بەراوردی نێوان پەیوەندیکردنی زارەکیی و نازارەکیی)، پاری سێیەم (لەخۆوەیی پەیوەندیکردنی نازارەکیی)، پاری چوارەم (بەکارهێنانەکان و ئەرکی پەیوەندیکردنی نازارەکیی)، بەشی دووەم (مۆدێلی تیۆرییەکانی پەیوەندیکردنی نازارەکیی)، ئەمیش دوو پارە، پاری یەکەم بۆ (مۆدێلی Patterson لە پەیوەندیکردنی نازارەکییدا) تەرخانکراوە، پاری دووەم (تایبەتمەندی و پێکهاتەکانی پەیوەندیکردنی نازارەکیی بە پێی مۆدێلی Patterson)، خراوەتەڕوو، پاری سێیەم (جۆرەکانی پەیوەندیکردنی نازارەکیی بە پێی مۆدێلی Patterson) باسیلێوەکراوە، لە پاری چوارەمدا (مۆدێلی Gamble & Gamble و پەیوەندیکردنی نازارەکیی) خراوەتەڕو.