سیمیۆلۆژیاى كات له‌ شیعری (مینە جاف)دا

جۆری توێژینه‌وه‌ : Original Article

نوسه‌ران

بەشی زمانی کوردی، کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت، زانکۆی گەرمیان، هەرێمی کوردستان – عێراق

پوخته‌
(سیمیۆلۆژیا) ئاماژه‌، یاخود نیشانه‌، له‌ ڕه‌خنه‌ی هاوچه‌رخدا پێگه‌ و ڕۆڵی به‌رچاوی خۆی هه‌یه‌، هۆكاری ئه‌م ڕۆڵه‌ گرنگه‌ی ئه‌م زانسته‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ فره‌ ڕه‌هه‌نده‌ و پەلوپۆی بۆ زانسته‌كانی تریش هاویشتووه‌، هه‌روه‌ها ئه‌ركێكی گرنگی هه‌یه‌ له‌ بونیادنانه‌وه‌ی واتای ده‌قدا، واتا وه‌كوو فۆرم و سیما و دیوی ده‌ره‌وه‌ ناڕوانێته‌ ده‌قی ئه‌ده‌بی، به‌ڵكوو شۆڕده‌بێته‌وه‌ بۆ قۆڵایی  ده‌قه‌كان و له‌ وێوه‌ كار له‌ سه‌ر ئاشکراکردنى واتاى شاراوە دەقەکان دەکات.
    سیمیۆلۆژیا، له‌ پێناوی به‌ده‌ستهێنانی واتادا هه‌وڵی ئه‌وه‌ ئه‌دات، كه‌ قاڵبی فۆرمی وشه‌ و ڕسته‌كان تێكبشكێنێت، بۆیه‌ سیمیۆلۆژیای كاتیش وه‌ك به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ فره‌ڕه‌هه‌ند و گشتییه‌كه‌ی سیمیۆلۆژیا هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌، كه‌ سنوری ئه‌و وشه‌ و ڕستانه‌ ببه‌زێنێت، كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌كاته‌وه‌ هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ ڕاڤه‌ی نوێ ببه‌خشێت به‌ ئه‌و ده‌قانه‌ی، كه‌ له‌ ژێر هه‌ژموونی كاتدان.




     ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌، بە ناونیشانى (سیمۆلۆژیای كات له‌ شیعرى (مینە جاف[1])دا)  هۆکارى هەڵبژاردنیشى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە تاکوو ئێستا هیچ کارێک لەسەر کات لە شیعرى ئەم شاعیرەدا نەکراوە. ئامانج لەم توێژینەوەیە قوڵبوونه‌وه‌ و ده‌ستنیشانكردن و ڕاڤه‌كردنی (دال) و (مدلول)، نیشانه‌ و نیشانه‌بۆكراو له‌ شیعره‌كانی شاعیردا. لە نووسینى ئەم توێژینەوەیدا سود لە چەند میتۆدێکى وەکوو (سیمیۆلۆژیا، وەسف و شیکاریى) وەرگیراوە. توێژینه‌وه‌كه‌ دوو به‌شی سه‌ره‌كی له‌خۆگرتووه‌، هه‌رچی به‌شی یه‌كه‌مه‌ بۆ لایه‌نی تیۆریی ته‌رخانكراوه‌ و تێیدا باس لە چه‌مك و پێناسه‌ی سیمیۆلۆژیا و سیمیۆلۆژیای كات ‌ و مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی سیمۆلۆژیا و كات كراوه‌، به‌شی دووه‌میش بۆ سیمیۆلۆژیای كات له‌ شیعره‌كانی مینه‌ جافدا ته‌رخانكراوه‌، دواتریش گرنگترین ئه‌نجامه‌كان و لیستی سه‌رچاوه‌كان و پوخته‌ی توێژنه‌وه‌كه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی خراونه‌ته‌ ڕوو.
 
[1] (محمد امین کریم بەگى فەتاح بەگى حەمە پاشاى جاف)، نازناوى مینە جافە، لە ساڵى ١٩١١ ز لە قەلاى شێروانە لەدایکبووە و لە ساڵى ١٩٦٥ز لە شارى بەغداد کۆچى دواى کردووە و لە گۆڕستانى سەید خەلیل نێژراوە. بڕوانە (جاف، ١٩٩٠: ٣)

وشه‌ بنچینه‌ییه‌كان